ژیاننامەی ئەحمەد کایا

 

ئەحمەد کایا گۆرانیبێژ و ئاوازدانەر و مۆسیقاری کوردە کە لە (۲۸ی تشرینی یەکەمی ساڵی ١٩٥٧)دا لە شاری مەلەدیی باکووری کوردستان لەدایکبوو. لە (۱٦ی تشرینی دوەمی ساڵی ۲٠٠٠) دا کۆچی دوایی کردوە. بنەماڵەکەی بە ھیوای ژیانێکی باشتر ڕوو دەکەنە ئەستەمبوڵ. ئەحمەد لە ئەستەمبوڵ تێکەڵی سیاسەت دەبێ. لەگەڵ سیاسەتیش خۆی فێرە مۆسیقا دەکا، شێعر دەنووسێ و لە پێناوی بژێوی ژیانیشیدا ھەموو جۆرە کارێک دەکا؛ دەبێتە شۆفێری لۆری و فرۆشیاری گەڕۆک و کرێکار. لە ساڵی ١٩٨٥ بڕیار دەدا یەکەمین ئەلبومی گۆرانییەکانی بلاوبکاتەوە، بەڵام لەبەرئەوەی شێوازەکەی، شێوازێکی نوێیە ناوەڕۆکی شیعرەکانی شۆڕشگێڕانەن. ھیچ دەزگایەکی ھونەری ئامادەنابێ ھاوکاری بکات. ھەڵوێستی دەزگاکان ساردی ناکەنەوە، بەھاوکاریی دۆستەکانی یەکەمین ئەلبوومی خۆی بە ناوی (مەگری بچکۆل) بلاودەکاتەوەو ڕەواجێکی باشی لە لای خەڵکی دەبێ، بەلام حکوومەت قەدەغەی دەکات. کە ئەم قدەغە کردنە خۆی دەبێتە تەبلیغێکی باش بۆ ئەڵبۆم و کایا ھۆگری زۆر پەیدا دەکات.

ژیانی کۆمەڵایەتی

ئەحمەد کایا کە بە گۆرانییە کۆمەلایەتییەکانی لایەنگری خەڵکی ھەژار و کوردی تورکیا دەکات، ئەم شێوازەی گۆرانیوتن و لایەنگری کەمینەکان دەبێتە ھۆی لە بەندیخانە کران و قەدەغە بوونی گۆرانییەکانی کایا و ھەروەھا رێگای گۆرانی گوتنیشی لێ تەنگ دەکرێتەوە. لە ئاداری ١٩٩٩، کاتێ خەلاتی باشترین گۆرانی ساڵ لە بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنی وەردەگرێ، رایدەگەیەنێ: (من گۆرانییەکی کوردیم لە ناو ئەلبۆمە تازەکەم داناوە، چونکە من بە ڕەسەن کوردم! گومانم نییە گەلێ کۆمپانیای مۆسیقا حەز دەکەن ئەلبۆمە تازەکەم بڵاوبکەنەوە! تورکیا گرفتێکی ھەیە بەناوی کوردستان، لە بەرئەوە من ھەرگیز لە باسکردنی ئەم گرفتە بۆ ئەوانەی دان بەراستیدا نانێن، ماندوو نابم). دوای تەواو بوونی ئەم قسانە، چەند ھونەرمەندێکی تورک ھێرشیان کردە سەری و ھاواریان کرد: (خاین! بڕۆ دەرێ)، بەڵام ئەحمەد سوورتر بوو.

 

دادگایی کردن و دەرکران لە تورکیا

دادگای ئاسایشی نیشتمانی تورکیا لە ٣٠ ی نیسان تۆمەتی خەیانەت بە نیشتمانی، دایە پاڵی و لە ھەموو لایەکی تورکیاوە تورکە تووندڕەوەکان ھێرشیان کردە سەری و ھەندێ رۆژنامەو دەزگای ڕاگەیاندن داوای حوکمی ئیعدامیشیان بۆ کرد. لەوانە ڕۆژنامەی حوڕییەت بوو کە یەکەم بابەتی دوو ڕۆژ دوای پەلامارەکەی کاتی وەرگرتنی خەڵاتەکە یەکەم بابەتی دژی کایا بڵاوکردوە بە وێنەیەکی دروستکراو گوایە کایا لە بەرلین کۆنسێرتی کردوە و پارەی بۆ پەکەکە کۆکردۆتەوە کە هەڵبەستراو بوو. دواتریش چەن بابەتی دیکەی بە دواتا هات. بەڵام ئەحمەد کایا، لە بەردەم یەکەمین دانیشتنی دادگا ئامادەبوو، ھەموو ئەو تۆمەتانەی ڕەت کردەوە کە درابوونە پاڵی. لەو ماوەیەدا، ئەحمەد کایا چووە ئەورووپا. دادگای ئاسایشی نیشتمانی تورکیا لە دوا دانیشتنیدا، بەبێ ئامادەبوونی کایا، سزای ١٠ دە ساڵ زیندانی بۆ ئەو دا.

 

کۆچی دوایی

لە ١٦ی تشرینی دووەمی ٢٠٠٠، کاتێ بۆ سازکردنی کونسێرت لە پاریس بوو، لەشوێنی حەوانەوەی خۆی، کۆچی دوایی کردو لە گۆڕستانی ناودارانی پاریس “پیرلاشیز” بەخاک سپێردرا.

 

پاش کۆچی دوایی

دوای خۆی، “گوڵتەنی” ھاوسەری ئەلبوومە تەواو نەکراوەکەی، “گوێ بگرە ولاتە خۆشەویستەکەم”ی بڵاوکردەوە. ئەمەی خوارەوە، بەشێکە لەو داکۆکینامەیەی ئەحمەد کایا لەبەردەم دادگای ئاسایشی نیشتمانی تورکیا پێشکەشی کرد: (من لەسەر چەقۆ راوەستاوم! کەسێک کە لەپێناوی گەلەکەیدا دەجەنگێ. ئەم داکۆکینامەیەتان لەبیربێ… لەساڵی ١٩٨٥ مۆسیقارێکی پیشەیی بووم. ژنم ھێناوە و دوو کیژی حەڤدەو دوازدە ساڵەم ھەیە. سەدان سترانم داناوەو گەلێ ئاوازیشم بۆ کەسانی دیکە داناوە. حەڤدە ئەلبومم بلاوکردۆتەوە کە چەندان ملیۆن دانەیان لێ فرۆشراوە. لەولاتانی دنیا کۆنسێرتم کردوە و چەند جارێک وەک گۆرانیبێژی ساڵ لەلایەن دەزگا ھونەرییە جۆراوجۆرەکانەوە ھەڵبژێردراوم. تەمەنم چل و دوو ساڵە و لە تورکیا دادەنیشم. بە تورکی بیرم کردۆتەوەو بە تورکی نووسیومە و بەتورکیش گۆرانیم گوتوە. من مۆسیقارم و ھاوولاتییەکی ئەم دنیایەم کە خۆی بەموڵکی ھیچ ناوچەیەک نازانێ و ھەست و سۆزی رووی لەمرۆڤە. دڵم ئەوەندە گەورەیە جێگای چاکەی گشت زمان و کولتوور و باوەڕو گۆرانییەکانی دنیای تێدا دەبێتەوە. تۆمەتێکم پێوە لکێنراوە کە ژیانی ھەڵگێڕاومەتەوە. تۆمەتی خەیانەت. پێیان گوتووم کە من کەسێکی دووبەرەکی خواز، ئەڵقە لەگوێ و بێئەدەب و بێئەقڵ و شێتم. ئەم سیفەتانە تۆمەتی کەس و گرووپگەلێکی ناسراون. روانگەو قسەی مرۆڤێک، کە بنەمای ھەموو ئەم تۆمەتانەیە، لە ھیچ ولاتێکی پێشکەوتوو و یاسا پەروەردا بە تاوان و تۆمەت ناژمێردرێن).

 

خەڵاتی سەرۆکایەتی تورکیا

عەبدوڵا گولی سەرۆکی تورکیا خەڵاتی “گەورە”ی بەخشیە کایا پاش مەرگی لە ڕۆژی لە دایکبوونیدا کە ۲۸ی تشرینی یەکەمی ۲٠۱۳دا. یەکێ لەو هۆیانەی ئەکرێ ئەم سەرۆکەی تورکیا ئەو کارەی کردبێ ئەوەیە کە سەرۆک وەزیران ڕەجەب تەیب ئەردۆگان کاتێ دژی ئەتاتورک هەڵەبەستێکی خوێندەوە لە ساڵەکانی ۱۹۹٠دا و لەسەری زیندانی کرا، ئەوکات کایا پشتیوانی خۆی بۆ دەربڕیبوو.

 

سەرچاوەکان:

ویکیپێدیا

ماڵپەڕی فەرمی ئەحمەد کایا

ناسینی ئەحمەد کایا لە ماڵپەڕی ئینستیتۆی کوردی پاریس

||||| 5 بەدڵمە! |||||

سیروان دەرمان

نووسراوە لە لایان: سیروان دەرمان

ماڵپەڕ

2 بۆچوون

  1. vahed فەرمووی:

    ده‌ست خوش سیروان جیان

گشت مافەکانی پارێزراوە بۆ © کوردپاور و سیروان گراف
دیزاین لەلایان سیروان دەرمان | گروپی دیزاینی کارژیر